شاندێکى پەرلەمانى عێراق بەسەرۆکایەتى بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمان سەردانى وەزارەتى پێشمەرگەیان کردو لەسەر چەند پرسێک کۆبوونەوە.
بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیرى پێشمەرگە رایگەیاند، هەندێک لایەن کێشە دروست دەکەن کە رێککەوتن لەنێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێم کراوەو کێشەکە ئێستا لەلای نوێنەری هەندێک لەلایەنە سیاسیەکانە، ئومێد دەکرێت بەسەردانى شاندى سیاسى هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان کاریگەرى لەسەر رێکەوتنەکان هەبێت لەناو پەرلەمان"
ووتیشی،وەک سەرۆکایەتى پەرلەمان سەردانى وەزارەتى پێشمەرگەمان کرد لەسەر چەند بابەتێک بەتایبەت دۆخى ناوچە کوردستانییەکان و شایستە داراییەکان کە لەسەر حکونمتى عیراق ئەرکە بەرامبەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، باس لە هەماهەنگى کرا لەنێوان وەزارەتى پێشمەرگەو وەزارەتى بەرگرى عێراق کە ئێمەش رۆڵى نێوەندگیرى و هەماهەنگی ببینین".
ئاماژەى بەوەشکرا، ئەو کێشانەى کە لەناوچەکانى کوردستانییە کیشە لەسەرەکان دروست دەبن سوپاى عێراق یان پۆلیسى فیدرالى تەداخول دەکات پێویستە پێشمەرگەش لەو ناوچانە هەبێت و ئەو بۆشاییە نەمێنێت بۆ ئەوەى تیرۆرستان نەتوانن سودى لێ وەربگرن و خەڵکی ناوچەکەش لەپاراستنیان دڵنیا بن.
هەروەها جەختیکردەوە، وەک نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عیراق هەموو هەوڵێکى خۆیان دەدەن ئەم پرۆژە یاسای بودجەیە تێپەڕێت.
لای خۆشییەوە شۆرش ئیسماعیل وەزیرى پیشمەرگە رایگەیاند" لە هەوڵداین بۆ ئەوەى شایستە داراییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە بەدەست بهێنین، بەڵام زوڵمێکى زۆر لە پیشمەرگە کراوە حەقی خۆی پێ نەدراوە، گەشبینیشین کە ئەو پشکەى پێشمەرگە لە بودجە دیارى کراوە وەک خۆی بڕوات و دەستکارى نەکرێت، چونکە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگرى عێراق و گەورەترین هێز بووە کە لەدژى داعش شەڕیکردوە، بۆیە پێشمەرگە مافی خۆیەتى شایستە داراییەکانیانی لە حکومەتى عێراق وەربگرێت".
