پارتی: لەساڵی نوێدا هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی بژێوی هاوڵاتییان چڕدەکەینەوە



مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێی زاینیی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە وادەخوازێت کە هەموولایەك بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە كاربكەن بۆ فەراھەمکردنی رەوشێکی ئارام و سەقامگیر، هەروەها بەیەکدەستی دەسكەوتەكان بپارێزین و هەنگاوی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی بژێوی هاوڵاتییان و بەرەوپێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بنرێت.


مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، پیرۆزبایی لە هاوڵاتییانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هیوای ساڵێكی ئارام و پڕ بەخششیان بۆ دەخوازن، ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە هەلومەرجێكی نالەبار و نەخوازراو جیهان و ناوچەکە و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، كە جگە لە قەیرانی ئابووری، "ژمارەیەك لە ئازیزان و هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لەدەستدا، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو ئەو پەتایە بەیەكجاری بنبڕ بێت و هەموو لایەك ساغ و سەلامەت و تەندروست بن."


ئەوەش هاتووە، "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵی داهاتوو، وەك هەمیشە جەخت دەكەینەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق لەرێی گفتوگۆ و دانوستان بۆ وەدیهێنانی مافەڕەواكانمان و دابینکردنی شایستە داراییەكان، بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەروەها چارەسەركردنی عادیلانەی كێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە چوارچێوەی ماددەی(140) ی دەستووری عێراق".


پەیوەست بەدۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش مەكتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی خستوەتەڕو، "لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵ دەدەین بۆ چارەسەرکردنی باری گوزەران و بژێوی هاووڵاتییان، هەروەها بەردەوام دەبین بۆ زیاتر چەسپاندنی پرەنسیپە ڕاستەقینەكانی هاوپەیمانیەتی و تەبایی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و ئاشتەوایی و لێبووردەیی لە نێوان گشت پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكاندا".
أحدث أقدم