هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانیان لەعێراق کاریگەری نابێت لەسەر هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەوپێیەی ئەرکی هاوپەیمانیەتییەکە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەکەیە لەهەر شوێنێک کەمەترسی سەرهەڵدانەوەی لێوە بکرێت.
واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی راگەیاندوە، دەنگۆی کۆنتڕۆڵکردنی خاك لەلایەن رێکخراوی داعشەوە دورە لەراستییەوە و ئەرکی ئەوان بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوەکەیە لەهەر شوێنێک کەمەترسی سەرهەڵدانەوەی لێوە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی ئەو رێکخراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا هێزەکانیان بەشێکی ئەرکەکانیان بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی تەرخانکردوە و دڵنیان کە هێزەکانی عێراق دەتوانن بەرەنگاری هەڕەشەکانی داعش ببنەوە.
مانگی کانونی یەکەمی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام بە گوێرەی هێزەکانی عێراق بەشێک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە بەشێوەی گروپی بچوک لە ناوچە بیابانەکانی ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین و چەندین شوێنی دیکەی عێراق بونیان هەیە.
