بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خۆمان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندوە: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ٢٠٢١ گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکرێت، کە پشکی کوردیشی تێدایە".

سەبری گوتیشی: "وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە و بۆ ئەم مەبەستە  دەستپێشخەریمان کردووە و دەمانەوێت سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە یەکهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندیی کورد تێپەڕێنین".

دوای گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بکەوێتە پشوو، بەلام بە ھۆی گەیشتنی بودجە بۆ پەرلەمان پشووەکەی ھەڵوەشاندەوە،بەمەبەستی پەسەندکردنی.
أحدث أقدم