ناوچەی پارتی لە خورماتوو بەیاننامەیەكی لەسەر شەهیدكردنی گەنجێكی كورد بڵاوكردەوە


ئەمڕۆ هەینی  لەبارەی  شەهیدكردنی گەنجێكی كورد لە شاری خورماتوو، لیژنەی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەی ناوچەی پارتی ، هاتووە "جەماوەری خۆشەویستی خورماتوو، دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای خورماتوو، لە شەوی 5/1/2021 دەستی ڕەشی تیرۆر لە بارودۆخێكی گوماناویدا لە ناو شاری خورماتوو گەیشتە گیانی گەنجێكی كورد بە ناوی پشتیوان كەریم قادر و شەهیدیان كرد، لە كاتێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو كارە تیرۆریستییە دەكەین، جەخت دەكەینەوە هەر كەس و لایەنێك ئەنجامی دابێت، جیاوازی نییە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش".

هەروەها داوای لە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە بە هەماهەنگی پەلە بكەن بۆ ئاساییكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی ناوچەكە بە هاوبەشی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، چونكە لەم رۆژانە لێرە و لەوێ، رۆڵەكانی كورد دەبنە قوربانی ئەو جۆرە كردەوانە و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێ.

بە پێی زانیارییەكان  ئەو گەنجە کوردە لەلایەن چەند چەكدارێكەوە  لە  نزیك نەخۆشخانەی خورماتوو شەهید کراوە  و ئەو ناوچەیە توركماننشینی شیعە مەزهەبن و چەكدارێكی زۆری حەشدی توركمانی لەو ناوچەیە هەن.

پێشتر حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو ڕاگەیاندبوو ئەو گەنجە لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كوژراوە و وەكو پۆلیس لێكۆڵینەوەیان لەمبارەیەوە دەست پێكردووە.

بەپێی زانیارییەكان، تاكو ئێستا كەس لەسەر شەهیدكردنی ئەو گەنجە كوردە دەستگیر نەكراوە، كەلە خورماتوو  یاریزانی تیپی تۆپی پێی كوردستان بوو، برایەكیشی بە ناوی (ئازی) بە هەمان شێوە ماوەیەك پێش ئێستا شەهید كرا.

شەهیدكردنی ئەو گەنجە، كوردانی خورماتووی تووڕە كردووە و بەشێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕەخنە لەو لایەنە كوردستانیانە دەگرن كە ئێستا بارەگایان لەناو خورماتوو هەیە و هەڵوێستیان لەسەر شەهیدكردنی ئەو گەنجە نییە.
أحدث أقدم