دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاند، هەرکات ڤاکسین لە وڵاتەکەیاندا بەردەست بوو، بەبێ بەرامبەر بەسەر هاوڵاتیانیاندا دابەشیدەکەن.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، چینگ چۆنگ وی بەرپرس لە لیژنەی نیشتیمانی بۆ تەندروستی لە چین رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە دروستکردن و گواستنەوەیدا تێچوونێکی زۆری دەوێت، بەڵام حکومەت دەتوانێت بێ بەرامبەر ڤاکسین بۆ هەر هاوڵاتییەک دابین بکات لە وڵاتەکەدا.
جەختیشیکردەوە لەوەی، کە نابێت هاوڵاتی چینی هیچ بەرامبەرێک بدەن بۆکڕین و دەست خستنی ڤاکسینەکەیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەم پەکین یەکەم ڤاکسینی دژە کۆرۆنای بەرهەمهێندراوی ناوخۆی پەسەندکرد، بەشێوەیەک سەرەتا دەدرا بە کارمەندانی تەندروستی و ئەو کەسانەی زۆرتر ئەگەری توشبوونیان بە کۆرۆنا هەیە.
دواتر، پێدانی ڤاکسینەکە فراوانترکرا و کارمەندانی بواری گواستنەوەی گشتی و کرێکاران وکارمەندانی کەرتی خۆراکیشی گرتەوە لە پێناو رێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوەی کۆرۆنا لە هەردوو وەرزی زستان و بەهاردا.
