هەرێمی کوردستان.. لە ساڵى رابردوو ٣١٥ ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاپۆرتى ژمارە (٢٥-٢٦) تایبەت بەپێشێلکارییەکانى ساڵى ٢٠٢٠ى بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەماوەی ئەم ساڵەدا زیاتر لە ١٣٨ حاڵەتى پێشێلکارى بەرامبەر بە ٣١٥ ڕۆژنامەنووس و ٤٧ دەزگاى میدیایی تۆمارکراون.

بەپێی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پیشێلکارییەکان لەساڵی ٢٠٢٠دا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ئامارەی راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆماریان کردووە کە لەلایەن سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن، خوێندرایەوە تیایدا هاتووە " لەساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٣١٥ رۆژنامەنووس پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە ٣٠٨یان نێر و حەوت ڕۆژنامەنووسیان مێ بوون، ٤٢ حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمارکراوە بەرامبەر ٩٨ ڕۆژنامەنووس ٤٧ حاڵەتى ڕێگری لە ڕووماڵ بەرامبەر بە ١٠٤ ڕۆژنامەنووس و ٣٢ حاڵەتی هێرشکردن بەرامبەر ٨٨ رۆژنامەنووس و هەشت حاڵەتى لێدان بەرامبەر ١٥ رۆژنامەنووس تۆمارکراوە".

راشیانگەیاند "چوار سکاڵا بەرامبەر پێنج ڕۆژنامەنووس بەرز کراوەتەوە و سێ دەزگاى میدیاىى داخراون و یەک ڕۆژنامەنووسیش بەڵێننامەى کارنەکردنى لێوەرگیراوە".

راپۆرتەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دابەشکاری پێشێلکارییەکانیشی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە پارێزگاى هەولیڕ ٤٦ حاڵەت، لە پارێزگاى سلیمانى ٣٦ حاڵەت، لە پارێزگاى دهۆک ١٤ حاڵەت، لە پارێزگاى هەڵەبجە حەوت حاڵەت، لە شارى موسڵ ٢٥ حاڵەت و لە ناوچەکانى دیکەى دەشتى نەینەوا و قەزاى خانەقین و شارى بەغدا و ناوچەى ڕۆژئاوا هەریەکى یەک حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە".

لەبارەى چالاکییەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانیشەوە رایانگەیاند "لە ماوەى ساڵى ٢٠٢٠دا ١٠ بەیاننامە و چوار ڕێنمایی بۆ ڕۆژنامەنووسان و دوو روونکردنەوە و دوو داواکارییشیان بۆ دەسەڵات هەبوو".

سکرتێری لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان نەزاکەت حسێن راشیگەیاند "لیژنەی بەرگری لە ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ یەکەم جار بەدواداچونێکی نوێینان بۆ کارەکانیان زیادکردووە، بۆ لەمەودوا ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر خانمانی رۆژنامەنووس تۆماردەکرێت لای خۆیان تۆماری دەکەن و دۆسیەی بۆ دەکەنەوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٠یش لە بەدواداچوونێکى لیژنەکەدا دەرکەوتووە کە %٥٠ى ڕۆژنامەنووسانى مێیینە لە دەزگاکانى میدیایی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و گێچەڵیان پێکراوە".


أحدث أقدم