پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی کرد بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 و پڕۆژەکەش ئاڕاستەی لیژنەی دارایی و لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەیەوە.
لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کراو و بڕیارە لەماوەی 72 کاتژمێردا لیژنەی دارایی پێداوچوونەوەی بۆ مادەکانی بودجە بکات و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەکە دەکرێت.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەرپڕۆژەیاسایەک دوای ئەوەی خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی لەسەر ئامادە دەکرێت و لیژنەکان پێشنیازی خۆیان بۆ هەموارکردنەوەی برگەکان ئامادە دەکەن، بەوتەی پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییش راپۆرتی پڕۆژەیاسای بودجە نزیکەی مانگێکی پێویستە.
پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بە 150 ترلیۆن دینار دیاریکراوە (نزیکەی 103.4 ملیار دۆلار)، لەو رێژەیەش 70 تريليۆن دينار (48.2 مليار دۆلار) کورتهێنانی هەیە کەدەکاتە 46.6% کۆی بودجە.
