سبه‌ی هه‌ینی گه‌ڕی پێنجه‌می خولی نایابی كوردستان له تۆپی پێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه تێیدا یاریی به‌هێز ئەنجام دەدرێن
سبه‌ی یارییه‌كان کاتژمێر 14:00 ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و تێیدا یانه‌ی سیروانی نوێ، كه له پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مه، ئه‌ركی ئاسان نییه و له كه‌لار ده‌بێته میوانی یانه‌ی شێروانه.
چوار تیپی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م جیاوازییه‌كانیان زۆر نین و ئەگەر هه‌یه دوای به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌كانی سبه‌ی، هه‌ر یه‌كێكیان بتوانێت پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه وەربگرێت.
له یارییه‌كی تردا یانه‌ی هەڵۆ میوانداری یانەی برایه‌تی دەکات، ئه‌م یارییه‌ش بۆ یانه‌ی برایه‌تی ئاسان نییه، كه ئه‌ویش چاوی له‌وه‌یه پله‌ی یه‌كه‌م بگرێت.
هه‌ر له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا یانه‌ی سۆران، كه ئه‌م وه‌رزه ئاستی وه‌ك پێویست نەبووە، میوانداریی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، كه ئه‌ویش له‌و خراپتره و له دوا دوو پله‌ی كۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دێن، سۆران له سێ یاریدا هیچ خاڵێكی نییه و هه‌ولێریش ته‌نیا خاڵێكی له چوار یاریدا به‌ده‌ست هێناوه.
له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا ئه‌م هه‌فته‌یه یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ یاریی ناكات.له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میشدا ركابه‌رییه‌كان به‌هێزن، كه ئێستا یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به 10 خاڵ له پله‌ی یه‌كه‌مدایە، به‌ڵام سبه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌ركی قورس دەبیت، لە كاتێكدا له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر یانه‌ی دهۆك یاریی ده‌كات.
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێریش، كه به 9 خاڵ له پله‌ی دووه‌مدایە ، چاوه‌ڕێ ده‌كات دهۆك دیارییه‌كی پیشكه‌ش بكات.
پێشمه‌رگه‌ش یارییه‌كه‌ی ئاسان نییه، كاتێك له دێربیی پیرمامدا به‌رامبه‌ر ئارارات یاریی ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئارارات ئه‌م وه‌رزه وه‌ك پێویست نەبووە و له 4 یاریدا تەنها یاریەکی بردۆتەوە و ته‌نیا 3 خاڵی بەدەستهێناوە .
له یارییه‌كی تردا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، كه به 7 خاڵ پله‌ی سێیه‌می گرتووە، له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ زاخۆ یاریی ده‌كات، كه 7 خاڵی هه‌یه و له پله‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌دایه.
له دوایاریشدا یانه‌ی نه‌ورۆز، كه ئه‌م وه‌رزه دوور له پێشبینییه‌كان له چوار یاریدا چوار شكستی دووچار هاتووە، میوانداریی یانه‌ی هندرێن ده‌كات.
یانه‌ی هندرێن له لای خۆیه‌وه 5 خاڵی هه‌یه و به بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه ده‌توانێت هه‌نگاوی باش بۆ پله‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندی کۆمەلەکە بهاوێت.
