ئەمرۆ پێنجشەممە ٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دکتۆر سەعد حەمید کمبش سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی سوپاسی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا دەرگەیان بۆ سەدان هەزار ئاوارەی عێراق کردەوە و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەو بووژانەوە و پێشکەوتن و خزمەتگوزارییانەی کە سەرباری بوونی تەحەدیاتی زۆر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وەرگرتنی ئاوارە و لێقەوماوانی بە ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤی وەسفکرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە دوور لە هەرجۆره روانگەیەکی تاییفی کاریان بۆ قوولکردنی فەرهەنگی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکان کردووە.
