ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ دەستیان لەكاركێشایەوە


حەوت ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و ژمارەیەک خۆبەخشی جوڵانەوەكە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان راگەیاند و هۆکارەکەشیان بۆ دانانی کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز لەپۆستە باڵاکانی نەوەی نوێدا گەڕاندەوە.


لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەو ئەندام و خۆبەخشانەی جوڵانەوەكە ئاماژەیان بەوەكرد، بەهۆی بەردەوامی "ناشرینکردنی بەشێك لەکادیرە دڵسۆزەکانی نەوەی نوێ و کارنەکردن بە دیسپلینی حزبی، هەوڵەکانمان بۆ چاکردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی لەناو جوڵانەوەکەدا هەبون بەئەنجام نەگەیشت، بۆیە ئەمڕۆ وەک حەوت ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و ژمارەیەك خۆبەخش كە نزیكەی 300 كەسین لەجوڵانەوەكە دەستلەکارکێشانەوە مان راگەیاند.

رونیشیانكردەوە، ئەوانەی دەستمان لەكاركێشاوەتەوە لەناوچەکانی سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگای هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و چەمچەماڵ و سەیدسادق پێکهاتون و لەبەرپرسی ریكخستنی زۆرینەی قەزا و ئەنجومەنی قەزاکانن.

هەرلەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا باسیان لەوەكرد، بەشێكیان لەدواین کۆنگرەی حزبەکەیاندا بەدەنگێکی زۆر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام کەسانی دیکەی  هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز لەجێگەی ئەوان دانراون، ئەوەش رێکارێکە پێچەوانەی ئەو بنەمایانە کە جوڵانەوەکەی لەسەر دامەزراوە و بانگەشەی بۆ دەکات.
أحدث أقدم