ئیسرائیل تۆمەتەکانی ئێران رەتدەکاتەوە

ئیسرائیل هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران رووبەرووی  ئەو وڵاتەکەی کردبوو،کە گوایە ئیسرائیل تاوانبارە بە کێشە نانەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و هەوڵیان داوە لە ناو خاکی عیراقدا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

یۆڤاین شتاینز، وەزیری وزەی ئیسرائیل لەم بارەیەوە راگەیاندووە: تۆمەتەکانی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوورن لەراستی و رەتی دەکەینەوە  سەبارەت بەوەی ئێمە هەوڵمان دابێت  کێشە لە نێوان ئەو وڵاتە و ئەمریکادا بنێینەوە.

ناوبراو  دەڵێت: ئێمە لە هەوڵداین بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەمان و بە هیچ جۆرێک دەستوەردان  لە کاروباری هیچ وڵاتێکدا  ناکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستیەوە کە دەوترێت "ئێمە لە عیراقدا هەوڵ دەدەین هێرش بکەینە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دواتر ئێران تاوانبار بکەین".

ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت ، لە یەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیسی فەرماندەی حەشدی شەعبی، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای تاگ کردووە و دەڵێت: "زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات لەناو خاکی عیراقدا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و دواتر وڵاتەکەمان تاوانبار بکات و کێشەیەکی نوێ لە نێوان ئێمە و ئەمریکادا دروست بکات .

جەواد زەریف  هۆشداریشی داوتە سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت: هۆشداربە و نەکەونە ناو ئەو داوەی ئیسرائیلەوە، هەر هێرش و یارییەکی ئاگری بەرەو ڕومان بێت بە خراپترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە، ئاگاداربن.
أحدث أقدم