موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند، داوا حکومەتی عێراق دەکەین کە هەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لەبونی چەک لەدەرەوەی دەوڵەت و بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان چڕبکاتەوە، بەپێچەوانەوە عێراق دەبێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
موقتەدا سەدر، لەپەیامێکدا کە لە لاپەڕەی فەرمی تویتەرەکەی بڵاویکردوەتەوە باسی لەوەشکردوە، هەندێک لایەن و دەوڵەت خواستی ئەوەیان هەیە عێراق بخزێننە ناو گرژییەکی سەربازی و ئەمنی، بۆیە داوا دەکەین دیاریدەی هەڵگرتنی چەک لەدەرەوەی دەوڵەت بەتەواوی بنبڕبکرێت و رێگریش لەهێرشکردن بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکان بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەسانەی پێچەوانەی ئەو دو هەنگاوە رەفتار دەکەن زیان بەعێراق و گەلەکەی دەگەیەنن، لەئەنجامیشدا وڵات دەبێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
