كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەڵوەشایەوە

كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ شەممەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە تاوتوێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەدان بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاساییەوە هەڵوەشایەوە.

بەپیی میدیا عێراقییەكان ئەو كۆبونەوەیەی پەرلەمان كە بڕیار بو سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە دەست پێبكات بۆ تاوتوێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەران هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو نەبوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردۆتەوە كە بۆ كۆبونەوەكە تەنها نزیكەی 100 كەس ئامادە بون لەكۆی 329 پەرلەمانتاران ئەوەش وایكردوە كۆبونەوەكە هەڵوەشێتەوە.

دوێنێ هەینی دوای دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لە بەغداو چەند شارێكی دیكەی خواروی عێراق كە تێیدا زیاتر لە 30 كەس كوژران، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممە دانیشتنێكی تایبەت بۆ تاوتوێكردنی داخوازی خۆپیشاندەران و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران و جێبەجێكردنی پاكێجی چاكسازییەكان گرێ دەدەن.
أحدث أقدم