شاندێكى تەندروستى جیهانی بۆ لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەى كۆڕۆنا سه‌ردانی چین ده‌كات

تیمێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو  بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناسەردانی چین دەكات

كۆمیسیۆنی تەندروستیی چین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: تیمەكەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە 10 زانا پێكدێت و رۆژی پێنجشەممە بۆ لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا  سەردانی چین دەكەن.

لەو سەردانەدا كە پێشتر بەهۆی پێنەدانی ڤیزا دواخرابوو تیمەكەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ زانایانی چینی بەهاوبەشی لێكۆڵینەوەلەبارەی سەرهەلدانی کۆڕۆناوە دەكەن.

هەر لەم بارەیەوە پێشتر رێكخەرى گشتیى (WHO) د. تیدرۆس ئادهانۆم، رۆژى ٥ى كانوونى دووەم لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا، لە بارەى چوونى زانایانى نێودەوڵەتى بۆ چین بەمەبەستى لێكۆڵینەوە لە سەرچاوەى ڤایرۆسى كۆرۆنا گوتبووى، "ئەوەمان پێراگەیاندرا كە بەرپرسانى چین، هێشتا مۆڵەتى پێویستیان بۆ ئەو شاندە تەواو نەكردووە كە پێویستە بچن بۆ وڵاتەكە. دەستپێكردنی گەشتى دوو ئەندامى تیمەكە بۆ چین و راگرتنى ئەوانەى دیكە لە دوا ساتدا تووشى بێ ئومێدى كردم.

لەساڵی رابردووەوە تیمەكە چاوەڕێی رێگەپێدانن و سەردانەكەش گرنگییەكی نێودەوڵەتی هەیە، رێگەپێدانەكەی حكومەتی چین-یش لە كاتێكدایە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هەموو وڵاتانی جیهان بڵاوبۆتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 80 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون و وزیاتر لە دووملیۆن-یش گیانیان لەدەستداوەو ئابوری جیهانیش گورزێكی  کوشندەی بەركەوت.

 لە سەرەتای ئەم مانگە كاتێك چین سەردانی تیمەكەی دواخست، بەرێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی سەرزەنشتی ئەو وڵاتەی كرد، چاوەڕوان-یش دەكرێت راستەوخۆ دوای گەیشتنی تیمەكە بۆ چین، تیمەکە بۆ دوو هەفتە كەرەنتین بكرێن.


أحدث أقدم