دەسەڵاتی دەریایی ئیندۆنیزیا بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکەیەی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بە 65 سەرنشینەوە لە دەریای جاوە تێکشکا، لەئیستادا شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دیاریکراوە و 7 کەشتی گەیشتوونەتە شوێنەکە.
وەزارەتی گواستنەوەی ئیندۆنیزیا لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، حکومەت دوای لێکۆڵینەوە شوێنی فڕۆکە تێکشکاوەکەی وڵاتەکەی دەستنیشانکردوە و 7 کەشتی گەیشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لەروداوەکە دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگاکانی راگەیاندنی ئیندۆنیسیا بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "سریوجایا" لەشاری جاکارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا گەشتێکی بۆ هەرێمی کالیمانتانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەبوە، بەڵام دوای دەرچونی فڕۆکەکە لەسیستەمی چاودێری رادار دیارنەماوە و هیچ پەیوەندییەکی بە فڕۆکەخانەوە نەماوە.
کۆمپانیای "sriwijaya airlines"ـی ئیندۆنیزیا لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاند، لەئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین بەرلەوەی هیچ راگەیەنراوێک لەسەر هۆکاری دیارنەمانی ئەو فڕۆکە گەشتیارییە بڵاوبکەنەوە.
هاوکات دامەزراوەی چاودێریکردنی فڕۆکەوانیی "فلایت رادار24" لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، فڕۆکەکە دوای چوار خولە لەبەرزبونەوەی دیارنەماوە و بەگوێرەی پێوانەکردنی سیستەمی چاودێری رادار لەبەرزی زیاتر لە 10 پێ و بەخێراییەکی زۆر ڕوی لەدابەزین کردوە، ئەوەش گومانی تێکشکاندنی فڕۆکەکەی زیاترکردوە.
