بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتەكەیان بڕیاریداوە لەڕۆژی 10ی ئەم مانگەوە دەست بەپڕۆسەی خوێندن بكرێتەوە، بۆ بڕیاردانی كۆتاییش چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی كۆرۆنا دەکەن.
د.سەیوان فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم راگەیاند، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و تێیدا بڕیاری داوە كە لە ١٠ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی ئامادەكارییەكان كراون و پێداویستییەكان دابینكراون بە لەبەرچاوگرتنی رێنمایی تەندروستی، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێك روونەدات و پڕۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوە بچێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "چاوەڕێ دەكەین وەزارەتی تەندروستی راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی تەندروستی و كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان ئامادە بكات و لە كۆبوونەوەی 7ی مانگدا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و بڕیار سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن بدرێت".
هاوکات هەر ئەمڕۆش ئەنجومەنی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوە و لەڕاگەیەنراوێكدا داوا دەكەن بە رەوچاوكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان لە 30 رۆژ جارێكدا پرۆسەی خوێندن دەست پێبكاتەوە.
یەكێتی مامۆستایان پێشنیازەكەیان ئاڕاستەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی كردوە كە لەو بارەیەوە بڕیار بدەن.
