فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند" لەوكاتەوەی لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی نێوان توركیا و ئەمریكا ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، 182 شەڕڤان و دەیان هاووڵاتی سڤیل شەهیدبوون".
مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند" سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە، پابەندنەبوون بەو ڕێككەوتنە ئاگربەستەی لەگەڵ ئەمریكا واژۆكراوە و توركیا بەردەوامبووە لە پێشێلكردنی ئاگربەست و داگیركردنی خاكی سوریا لە دەرەوەی ناوچەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە".
نوسیویشیەتی" توركیا لە ڕۆژی ئاگربەستەوە پانتاییەكی جوگرافی داگیركردووە، كە بە هەزار و 100 كیلۆمەتر دووجا دەخەمڵێندرێت، پێشێلكارییەكان هۆكاربوون بۆ ئاوارەبوونی نزیكەی 30 هەزار هاووڵاتیی سڤیل و شەهیدبوون و برینداربوونی دەیانی تر، جگە لە شەهیدبوونی 182 شەڕڤانی هەسەدە".
مەزڵوم كۆبانێ ئاشكرایكرد" هێزەكانیان پابەندی ڕێككەوتنەكە بوون بۆئەوەی خەڵك لە كوژران و ئاوارەبوون بپارێزن، داواشی لە ئەمریكا كرد، وەك گەرەنتیكارێك بەرپرسیارێتییەكانی هەڵبگرێت و وەڵامێكی بڕواپێكراو و هەڵوێستێكی ڕوونی هەبێت لەبارەی ئەو هەموو پێشێلكارییانەی دەوڵەتی توركیا و گروپە چەكدارەكانی ئەنجامی دەدەن".
إرسال تعليق