دوای حەوت ساڵ لە رفاندنی عاسیمە جاسم لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعش لە شنگال، ناوبراو ئەمشەو لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان رزگارکرا.
فەیسەل عەلی، چالاکوانی ئێزدی بە وێستگەنیوزی راگەیاند:" لە سەرەتایی ھێرشی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر قەزای شنگال عاسیمە جاسم خدی تەمەن 20 ساڵ رفێندرابوو".
وتیشی:" دوای زیاتر لە حەوت ساڵ لە رفاندنی، ئەمشەو عاسیمە لە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان خۆی رادەستی ھێزەکانی ئاسایش کردووە و لە دەستی داعش رزگاریبووە، لە ئێستادا لە ماڵی ئێزدییەکانە لە ھەرێمی جەزیرە".
بەگوێرەی دواین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە دەستی داعش تا ئێستا 3543 هاوڵاتی ئێزدی رزگارکراون و نزیکەی سێ ھەزار کەسیش تائیستا چارەنوسیان نادیارە.
س، وێستگەنیوز
