جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، رابەری رێكخراوی داعش بڵاوكردەوە.
كۆسرەت ڕەسول عەلی، لەپەیامەكەیدا بڵاویكردووەتەوە:" كوشتن و لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ گەلی كوردستان، ئەو گەلەی بەنوێنەرایەتی هەموو دنیاو بەهاوكاری هاوپەیمانان شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی جیهانی كردو سەدان ڕۆڵەی قارەمان و گیانفیدامان بوونە قوربانی دڕندایەتییەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستیە و دواجار ئیرادەی گەلەكەمان و ئازادیخوازانی دنیا سەركەوت و كۆتایی ڕەش و تاریكیش بۆ تیرۆرستان و تاریكپەرستانە."
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت:"وێڕای دەستخۆشیمان لە هاوپەیمانان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دووپاتی دەكەینەوە پێویستە بازنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو لەناوبردنی بیری توندڕەوی یەكجارەكی فراوانتر بكرێ و هەوڵی زیاتر بخرێتەگەڕ بۆ كۆتایی هێنان بەتیرۆرستان و پاراستنی جیهان لە پیلانگێڕییەكانیان، ئێستاش مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە."
بەرەبەیانی یەكشەممە 27-10-2019، ئەبوبەكر بەغدادی، رابەری رێكخراوی داعش لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەی شاریای ئیدلب لە سوریا كوژرا.
