بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكا رەتیكردووەتەوە توركیا ئاگادار كرابێت لە ئۆپراسیۆنی بەئامانجكردنی ئەبوبەكر بەغدادی، رابەری " كوژراوی" رێكخراوی داعش لە سوریا.
ئەوەش لەكاتێكدا دێت بەرپرسانی سەربازی و میدیای توركیا بڵاویانكردووەتەوە، هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی لەنێوان توركیاو ئەمریكا هەبووە پێش ئۆپراسیۆنی بە ئامانجكردنی بەغدادی لە ئیدلب.
ئەمڕۆ یەكشەممە 27-10-2019 بەرپرسێكی سەربازی ئەمریكی بە رۆژنامەی " نیوزویك"ی راگەیاند، رۆژی شەممە، هێزەكانی ئەمریكا ئۆپراسیۆنێكیان لە ناوچەی باریشای شاری ئیدلب-ی سوریا ئەنجامداوەو لەئاكامدا ئەبوبەكر بەغدادی، رابەری رێكخراوی داعش و هەردوو ژنەكەی كوژراون.
بەووتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە كە داوایكردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە ، لەكاتی نزیكبوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو كۆمەڵگەیەی بەغدادی تێدانیشتەجێبووە، بەغدادی و هەردوو ژنەكەی خۆیان تەقاندووەتەوە، بەڵام هیچ كام لە منداڵەكانیان زیانیان بەرنەكەوتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، 8 كۆپتەری سەربازی لەو ئۆپراسیۆنەدا بەشداربوون كە ماوەی 90 خولەكی خایاندووەو جگە لە كوژرانی بەغدادی ، پاسەوانە تایبەتەكەیی و 7 كەسی تر كە سیانیان ژن بوون كوژراون.
