تیمەکەی میسی لە پشێوییەکی گەورەدایە


لیۆنێل میسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە شکست رزگار کرد و دانی بەوەش دانا کە تیمەکەی لە پشێوییەکی گەورەدایە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یارییەکانی پاڵەوانێمی کۆپا ئەمەریکا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین روبەڕوی هەڵبژاردەی پاراگوای بوەوە و یارییەکە بە ئەنجامی یەک گۆڵ بەرانبەر بە یەک یەکسان بوو.

لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا ریچارد سانشێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاراگوای تۆمارکرد، لە گێمی دووەمی یارییەکەشدا و بە لێدانی سزا، میسی گۆڵی یەکسانبونەوەی بۆ ئەرجەنتین  تۆمارکرد، هەرچەندە لە خولەکی (63)ی یارییەکەدا ناوبژیوان لێدانی سزای بۆ پاراگوای ئەژمارکرد، بەڵام گوانزالێز لە تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە بۆ هەڵبژاردەکەی  سەرکەوتو نەبوو.

بەو ئەنجامەش هەڵبژاردەی تانگۆ بە كۆكردنەوەی یەك خاڵ لە پلەی چوارەم و كۆتایی گروپەكەیدایە و كەوتوەتە دوای هەڵبژاردەی قەتەری میوانی پاڵەوانێتییەکەوە.

دوای تەوابونی یارییەکەش بەو ئەنجامە خراپە، لیۆنێل میسی کاپتنی ئەرجەنتین دانی بەوەدانا کە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پشێوی و ناڕێکیدایە و رایگەیاند: سەرەتای یارییەکە یاریزانەکانمان باش یارییان دەکرد، بەڵام دوای تۆمارکردنی گۆڵێک لەلایەن پاراگوایەوە، پشێوی و ناڕێکی لە نێو تیمەکەماندا دروست بوو، بۆیە پێویستە لە یاری داهاتودا باشتر یاری بکەین.

هەر لەوبارەیەوە سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەیاری داهاتومدا بەرانبەر قەتەر، جگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە.
أحدث أقدم