لە رۆژانی داھاتوودا،لە نیوە زیاتری ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێندرێنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند کە، لە رۆژانی داھاتوودا، لە نیوە زیاتری ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەکشێندرێنەوە.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە بەبۆنەی شەشی کانوونی دووەم، ١٠٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق پێشکەشی کرد، باسی لە ژمارەیەک پرسی گرنگ کرد، لەوانە پرسی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند ، بە ئامانجی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق  گفتوگۆی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێکردوە، هەر وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن رایگەیاند کە، ئەمەش بەرھەمی گفتوگۆی ستراتیژیمان بوو، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشاونەتەوە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەلێت،لە رۆژانی داھاتوودا، نیوەی زیاتری ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێندرێنەوە ، لەبارەی مانەوەی بەشێکی ھێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق  ووتی، کە ژمارەیەک لەو ھێزانە، ئەمریکا بۆ ھەماھەنگی لە بوارەکانی مەشقپێکردن و پڕچەکردن و پشتیوانی ھونەری لە عێراق دەمێننەوە و راشیگەیاند کە، بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن خشتەیەک بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی عێراق دادەنرێت.

پێشتریش گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاندبوو کە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتۆن کراوە، وەک یەکەم هەنگاو، ٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لە عێراق، دەکشێندرێنەوە.

لە ماوەکانی رابردوودا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، رۆبێرت ئۆبراین ئاشکرایکردبوو کە پنتاگۆن بریاریداوە ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق تا ١٥ی کانوونی دووەم بۆ دوو ھەزار و ٥٠٠ سەرباز کەم دەکرێتەوە.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو، ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق لە پێنج ھەزار و ٢٠٠ سەربازەوە بۆ سێ ھەزار سەرباز کەم دەکاتەوە.
أحدث أقدم