مەسرور بارزانی: هێرشکردنەسەر گەشتیارانی عەرەب بەتووندی شەرمەزار دەکەم

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم ڕۆژانەی دواییدا، چەند ڕووداوێکی نەخوازراو و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و ئەوان ئیدانەی هێرشکردنەسەر گەشتیارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەن، هەروەها ئەو کەسانەش رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە کە دەیانەوێت ئارامی هەرێم تێکبدەن.


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە داخێکی زۆرەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا ، چەند ڕووداوێکی نەخوازرا و دوور لە هەموو دابونەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان ڕوویاندا و چەند کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ، هێرشیان کردە سەر گەشتییارانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. ئەم دەستدرێژیانە بە تووندترین شێوە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم کە دوورن لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکانی کۆمەڵگەکەمان".


ئەوەش هاتوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و هەمیشە بێ جیاوازی، دەرگای کراوەبووە بۆ میوانداری و لەباوەشگرتنیان، هەروەها بەردەوامیش سەدان هەزار گەشتییار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێز و خۆشەویستییەوە پێشوازیان لێکراوە . 


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆیە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، "نامۆن بە ڕەوشت و کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی کوردستان. هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵی شێواندن و ناشرینکردنی ئەم کولتوورە بەرزەی کۆمەڵگەکەمان بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".


پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەهات، شەوی سەری ساڵ لە هەولێر و ئەمڕۆش لە ئاکرێ چەند کەسێک بە بەرد و دار هێرشییان کردەسەر پاسی گەشتیارانی عەرەب و جامی ئۆتۆمبێلەکانیان شکاندن.
أحدث أقدم