پێنتاگۆن دەڵێت کەشتی فڕۆکە هەڵگری نیمیتز لە کەنداو دەمێنێتەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ( پێنتاگۆن ) ڕایگەیاند بەهۆی " هەڕەشەکانی ئەمدواییانەی " ئێرانەوە کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە کەنداو دەمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەو هەواڵانەی کە گوایە کەشتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ بنکەکەی لە ئەمەریکا.

لە کۆتایی مانگی یانزەوە نیمیتز لە ئاوی کەنداودا دێت و دەچێت، بەڵام لەم هەفتەیەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا وتیان هەڵسوڕێنەری کاروباری وەزیری بەرگری ئەمەریکا کریستۆفەر میڵەر فەرمانی بە کەشتیەکە کردووە بگەڕێتەوە ئەمەریکا.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکیەوە بڵاویکردەوە ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکە بۆ " کەمکردنەوەی گرژییەکان " لەگەڵ ئێراندا، وەکو خۆبەدوورگرتنێک لە پێکدادان لە دوایین ڕۆژەکانی سەرۆکایەتی سەرۆک دانۆڵد ترامپدا.

بەڵام میڵەر ڕۆژی یەکشەممە بەیاننامەیەکی پێچەوانەی ئەوەی بڵاوکردەوە و وتی " بەپێی هەڕەشەکانی ئەمدواییانەی ڕابەرانی ئێران دژی سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی ئەمەریکا، فەرمانم بە کەشتی فڕۆکە هەڵگری نیمیتز کردووە لە کەنداو بمێنێتەوە."

وتیشی " ئێستا یو ئێس ئێس نیمیتز لە شوێنەکەی خۆی لە ناوچەی ئەرکەکانی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، نابێت هیچ کەسێک گومان لە سووربوونی ئەمەریکا بکات."

دەنگی ئەمەریکا - فرانس پرێس
أحدث أقدم