کۆمپانیای دەرمانی مۆدێرنای ئەمەریکا رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل ڕێگەی بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی داوە.
مۆدێرنا لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل داوای شەش ملیۆن بەشی لە ڤاکسینەکە کردووە و واپێشبینی دەکرێت پڕۆسەی ڕادەستکردنی ڤاکسینەکە لە مانگی یەکدا دەست پێبکات."
هەریەک لە ئەمەریکا وکەنەدا بەکارهێنانی ڤاکسینی مۆدێرنایان پەسەند کردووە، لە ئێستاشدا لە هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و سینگاپوور و سویسرا و بەڕیتانیا تاوتوێی پێدانی مۆڵەت بە ڤاکسینەکە دەکرێت.
کۆمپانیای مۆدێرنا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە ساڵی 2021 دا لایەنی کەم 600 ملیۆن بەشە ڤاکسین بەرهەم دەهێنێت، ئەمەش 100 ملیۆن بەش زیاتر لەوەی کە پێشتر پێشبینی کرابوو.
تاوەکو ئێستا مۆدێرنا نزیکەی 18 ملیۆن بەشە ڤاکسینی داوە بە حکومەتی ئەمەریکا، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکدا لەسەر 200 ملیۆن بەش، هەروەها لەگەڵ حکومەتی کەنەداشدا لەسەر 40 ملیۆن بەشە ڤاکسین ڕێکەوتووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
