دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دووشەممەی رابردوو، نوێترین وێنەی چیچەک کۆبانێ، ژنە شەڕڤانی یەپەژە بڵاودەبێتەوە کە بەمەبەستی چارەسەرکردن گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تورکیا.
میدیای تورکیا وێنەیەکی چیچەک کۆبانێی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا چارەسەری بۆدەکرێت بەبێ ناوهێنانی نەخۆشخانەکە. پێشتریش ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، چیچەک نەکوژراوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە، رۆژی دووشەممەی رابردوو 21ـی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا هێرشیکردەسەر گوندی میشراقەی سەر بە شارۆچکەی عەین عیسا و شەڕڤانانیش بەرپەرچیانداونەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا (چیچەک کۆبانێ) برینداربووە و کەوتووەتە دەست گرووپە چەکدارە تووندڕەوەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی هێزەکانی یەپەژە هۆشداری ئەوەشی دابوو پاراستنی گیانی لە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. بەپێویستیشی زانیبوو، دەستوەردانی بەپەلە بکرێت و فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئازادکردنی ئەو شەڕڤانە.
دوابەدوای بەدیلگرتنی شەڕڤان چیچەک کۆبانێ، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دیمەنێکی چیچەکیان بڵاوکردەوە کە بە برینداری بەدیلیان گرتووەو تیایدا هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
س:ڕووداو
