ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە،نوێترین ئاماری شەڕی لەبەرامبەر هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گروپە میلیشیاکان ئاشکراکرد.
قەسەدە ڕایگەیاند، کە لە بەرخۆدانیەکان بەرامبەر هێزی داگیرکەردا، ١٤ شەڕڤان شەهیدبوون و ١٣ شەڕڤانی دیکەش برینداربوونە.
قەسەدە زانیاری زیاتری بەمشێوەیە بڵاوکردووەتەوە:
تل تەمر
"هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانی بە چەکی قورس و بۆردوومانی ئاسمانی بۆ سەر گوندەکانی تل تەمر بەردەوام بوو، سوپای داگیرکەر گوندەکانی مەناجیر، ئەهراس و ئەریشا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەدەیان جار بۆردوومان کرد، هەروەها بەچەکی قورس هێرشی ئەو هەرێمانەیان کرد، هێزەکانمان لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی ڕەوادا وەڵامی توندی ئەو هێرشانەیان دایەوە، لە گوندەکانی ئەهراس و مەناجیر بەلانی کەم ١٢ چەتە کوژران.
ئەبو ڕاسەن
هێزەکانی ئێمە لەگوندەکانی خەشیم زرگان، ئنگ ئەلهەوا و تل حەمید، وەڵامی یرشی سوپای داگیرکەریان دایەوە، لەئەنجامیشدا لانی کەم ٩ چەتە کوژران، تانكێک تێکشکێندرا و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیش تێكشکێندرا.
عەین عیسا
سوپای داگیرکەر بە هاوەن و تانک گوندەکانی گەنتەری و شێردرادێ-ی بۆردوومان کرد، پاشان گروپە چەتەکان هێرشی هەرێمی ئەلناسرییە یان کرد و لەنێوان چەتەکان و هێزەکانی ئێمە شەڕی قورس ڕوویدا، لە ئەنجامدا ٦ چەتە کوژران.
لە بەرخۆدانی ڕۆژی ٢٨میندا لانی کەم ٢٧ چەتە کوژران ، تانکێک و ٢ ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێكشێندران.
١٤ هەڤاڵمان لەبەرخۆدانیەکان شەهیدبوون و ١٣ هەڤاڵی دیکەشمان برینداربوون".
