ھاتوچۆی ھەرێم بڕیاری داوه پێداچوونەوە بە مۆڵەتی شوفێریدا بكات و سەرەتا لە نووسینگەكانی راھێنانی شوفێری دەست پێدەكرێت.
عەقید ئەسعەد كەریم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێم بە سایتی پارتی راگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆ سەرقاڵی رێكخستنەوەی مۆڵەتی شوفێرییە لە ھەرێمی كوردستان و بڕیارە مۆڵەتی شوفێری لە سەرتاسەری ھەرێم رێك بخرێتەوە و بە سیستەمێكی پێشكەوتووی یەكگرتوو كاری پێبكرێت، لە ئێستاشدا خەریكی دانانی میكانیزمی نوێین بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری و دوای پێداچوونەوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
وتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم وتیشی: "سەرەتای پلانەكەمان لە نووسینگەكانی فێركردنی شوفێری دەست پێدەكات و ئەو نووسینگانەی راھێنان بە ھاووڵاتیان دەكەن بۆ چۆنیەتی فێركردنی شوفێر پێداچوونەوەیان بۆ دەكرێت و رێك دەخرێنەوە".
عەقید ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "قۆناغی دووەمی پلانەكە دەچینە نێو وردەكاریی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری بە شێوەی ئەلیكترۆنی، چونكە لە ئێستادا جیاوازی لە سیستەمی دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێریدا ھەیە و ھێشتا لە بەشێك لە قەزاكان بە سیستەمی كۆن كار دەكرێت و نەكراوەتە ئەلیكترۆنی، ئەوانە ھەموو رێك دەخرێتەوە و مەرجی نوێی تێدا جێگیر دەكرێت".
إرسال تعليق