نوفمبر 2019


بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی هەولێر بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ كۆگایەكی ئارد لە ناو كۆگاكانی گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر داخرا

به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ راشیده‌گه‌ێنێت كه‌ بڕی 200 تۆن ئاردی هەبوو كە تەوای ئەو ئاردە ئەسپێ لێی دابوو بەشێوەی ناتەندروست كۆگا كرابوو، کە بەکەڵکی خواردن نەدەهات.

بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و بازرگانی هەولێر ده‌شڵێت ، کە كاردانەوەی یاسایی بەرامبەر شوێنەكە دەگرێتەبەر ئینجا شوێنەكەی دەكرێتەوە.

ئەمشەو لە یاری لوتكەی هەفتەی 12ی خولی یانەكانی ئینگلتەرا یانەی لیڤەرپوڵ لە یاریگای ئەنفێڵد میوانداری یانەی مانچستەرسیتی دەكات و یارییەكەش كاتژمێر 7:30 خولەك بە كاتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت .


پێش ئەم یارییە یانەی لیڤەرپوڵ بە 31 خاڵ سەروو ریزبەندی گرتووە ویانەی مانچستەرسیتیش خاوەنی 26 خاڵە ولە پلەی دووەمدایە .


رۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی پێكهاتەی پێشبینیكراوی هەردوو یانەی بەمشێوەیە بڵاوكردۆتەوە .


بەرپرسانی بەرشەلۆنە دەنگۆی دوورخستنەوەی ڤالڤێردی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكەیان رەتدەكەنەوە و داهاتووی یەكلایی دەكەنەوە .


ماوەیەكە رۆژنامەكانی ئیسپانیا بە چڕی باس لە دوورخستنەوەی ڤالڤێردی دەەن لە راهێنەرایەتی یانە كەتەلۆنییەكە .


لەو بارەیەوە جۆلێرمۆ ئاموری بەرپرسی پەیوەندییەكانی بەرشەلۆنە لە لێدانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئاس دەڵێت: لە نێوان بەرپرسانی تیپەكەماندا هیچ كات باس لە دوورخستنەوەی ڤالڤێردی نەكراوە لە پۆستەكەی .


ئامور دەشڵیت: ئێمە بە تەواوی مانا متمانەمان بە تواناكانی ڤالڤێردی هەیە وئەو راهێنەرێكی گەورە وگونجاوە بۆ تیپەكەمان و دەستبەرداری نابین .


بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانەوە لە پارێزگای بەسڕە، كونسوڵخانەی كوەیت  چۆڵكرا .


رۆژنامەی رەئیی كوەیتی لەزاری دیپلۆماتكارەكانی وڵاتەكەی بڵاویكردەوە "سەرجەم كارمەندانی كۆنسوڵخانەی كوەیت لە بەسڕە كشێنراونەتەوە ئەمەش بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانەوەیە لەو پارێزگایە".


ماوەی چەند رۆژێكە خۆپیشاندان لەشاری بەسرە بەردەوامەو بەم هۆیەشەوە رۆژ بەرۆژ رەوشی شارەكە ئاڵۆزتر دەبێت و تائێستاش چەندین كونسڵخانەی وڵاتان بارەگاكانیان چۆڵكردووەو بۆ  وڵاتەكانیان گەڕاونەتەوە.


سێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لە دوای كۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەیان بڵاو كردەوە و ئاشكرایانكرد كە دژی بەكارهێنانی توندو تیژین بەرامبەر بە خۆپیشاندەران و كاریش  بۆ جێبەجێ كردنی داواكاریەكانیان دەكەن.


سێ سەرۆكایەتییەكە "سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی پەرلەمان" كۆبوونەوە  كە هاوكات ئەنجومەنی داوەری عێراقیش تێدا بەشدار بوو ، دواتر لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند كە كار بۆ بڕینی دەستی حزب لە حكومەتدا دەكرێ، باسیان لەوەش كردووە كە ئەنجومەنی دادوەری لێكۆڵینەوە  لە گەندەڵ كاران دەستپێدەكات. 


لەبەیاننامە هاوبەشەكەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكە ئاماژە بەوەشكراوە "كە هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكرێت و كۆمسیۆنێكی نوێ پێكدەهێنرێت،و پێداچوونەوەش بە دەستووردا دەكرێت".


وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پینتاگۆن) لەرێگەی بەرھەمھێنانی تەکنەلۆجیایەکی نوێوە، وڵاتەکەی لەھەر ھێرشێکی ئەتۆمی دەپارێزێت، بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئەو تەکنەلۆجیا زیرەکە لەتوانایدایە پێش وەختەو بەر لەگەیشتنی موشەک و بۆمبەکان بەماوەی ٣٠ خولەک، بەگەیشتنیان بەخاکی ئەمریکا بناسرێنەوەو جۆرەکەیان دەستنیشان بکرێت.

ئەو تەکنەلۆجیا نوێیەی ئەمریکا کە کاری ئاگادارکردنەوەی بنکە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکایە لە ھێرشە ئەتۆمییەکان کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە. مارک رایت گەورە وتەبێژی ئاژانسی بەرگری موشەکی سەر بەپینتاگۆن دەڵێت بەردەوامن لەبرەودان بەسیستمی بەرگری و ئامانجیش لەم تەکنەلۆژیا نوێیە بەستنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی و زەمینی و دەریاییە بۆ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە لەگەیشتنی موشەکی ئەتۆمی بەخاکی ئەمریکا.


سەرۆكی رووسیا، فلادیمیر پۆتین، و سەرۆك كۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

بەپێی هەواڵی ئانادۆڵۆ، لە راگەیەنراوێكدا كە لەلایەن سەرۆكایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاوكراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمیر پوتین-دا پێشهاتەكانی پەیوەست بە پرسی سووریا تاوتوێكراون.

هەروەها هەردوو سەرۆك پابەندیی خۆیان بۆ لێكتێگەیشتنی سۆچی لە ٢٢ی تشرینی یەكەمدا تایبەت بە ڕۆژئاوای كوردستان دووپاتكردەوە.


ئەمڕۆ یەكشەممە 10/11/2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئاڵبێرتۆ مارتین ئۆرتێگا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی رۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند، ئەوەی پێشمەرگە ئەنجامی دا كارێك بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی. هەروەها پێزانینشی هەبوو بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە رۆژانی تەنگانەدا ئاوارە و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیان پاراست و دەرگەیان بۆ كردنەوە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵك لە بەغدا و پارێزگاكانی باشووری عێراق تاوتوێ كرا و جەخت لە رەوایەتیی داواكاریی هاووڵاتیان و خۆپێشاندانی ئاشتیانە كرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە توندوتیژی جا لە هەر لایەك بێت كێشەكانی عێراق قووڵتر دەكاتەوە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.


كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و بڕیاری دابەشكردنی چوار لیژنە نوێیەكەی پەرلەمانی كوردستان دەرچوو.


ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان ئاشكرا كراوە، بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن و رێككەوتنی فراكسیۆنەكان، سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان بۆ فراكسیۆنی پارتی و سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان بۆ فراكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ بۆ فڕاكسیۆنی گۆڕان و سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان بۆ فڕاكسیۆنی یەكگرتوو بێت.


ناوی دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی هەر چوار لیژنە نوێیەكە لە داهاتوویەكی نزیكدا،
ڕوون كراوەتەوە، دوای جیابوونەوەی چەند لیژنەیەك لە یەكتر و زیادبوونی چوار لیژنەی دیكە‌ بۆ سەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، دوای دەنگدان لەسەر ناوی دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی هەر چوار لیژنە نوێیەكە لە داهاتوویەكی نزیكدا، كۆبوونەوەیەكی فراوان رێكدەخەین بۆ رێكخستنەوە و دۆزینەوەی شێواز و میكانیزمی كاری هەر 19 لیژنە هەمیشەییە‌كەی پەرلەمان.


باس لەوەش كراوە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لاریی نەبوونی ڕاگەیاندووە لەهەر جۆرە رێككەوتن و سازانێك كە لە نێوان فراكسیۆنەكان لەسەر كۆی گشتیی لیژنەكان بێتە ئاراوە، داواشی لە فراكسیۆنەكان كراوە پەلە بكەن لە دەستنیشانكردنی ناوی دەستەی سەرۆكایەتی و ئەندامانی هەر چوار لیژنە نوێیەكە و بەرزكردنەوەی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە دانیشتنێكی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و لیژنەكان دەستبەكار بن.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كەمكردنەوەی پەخشی دراما بیانییەكان دەكات.


ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی تشرینی دووەم، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ وەڵامی نووسراوێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هاتووە، دوای ئاراستەكردنی نووسراوتان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری بەمەبەستی سنوورداركردنی دراما دۆبلاجكراوەكان، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وەڵامی ئەرێنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی دەداتەوە.


نەگونجانیان لەگەڵ ئادابی و نەریتی كوردی 
لە نووسراوەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕوون كراوەتەوە، بەپێی یاسا و لەسەر نووسراوی وەزارەتی ئەوقاف كە باس لە زۆربوونی ڕێژەی "تەڵاق" دەكات بەهۆی دراما دۆبلاجكراوەكان و نەگونجانیان لەگەڵ ئادابی و نەریتی كوردی، بۆیە پێشنیار دەكەین ئەو درامایانە سنووردار بكرێن و كەمتر پەخش بكرێن.


نووسراوەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاراستەی سەرجەم كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن كراوە لە سنووری پارێزگای هەولێر.


ئەو نووسراوەی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و پەخش لە كاتێكدایە پێشتر وەزارەتی ئەوقاف نووسراوی كردبوو كە پێداچوونەوە بە پەخشی دراما بیانییەكان بكرێت و بڕیار ی بدرێت بە وەستاندنی یان سنوورداركردنی.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی تشرینی دووه‌می 2019، دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و مووچه‌ی یه‌كه‌ی 70 و 80ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، هاوکات سبەینێ مووچەی وەزارەتی پەروەردە دەدرێت.

بەپێی خشتەیەك كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە، ئه‌مڕۆ مووچەی مانگی ئابی هەریەك لە هێزەكانی 70و 80 دابەش دەكرێت.

هه‌روه‌ك رۆژی دوو شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2019 مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب لەكاتێكدایە كە چارەنوسی مووچەی سێ‌ مانگی ئەمساڵ نادیارە و تائێستاش بەغدا و هەرێم لەسەر مووچە و بودجەی ساڵی داهاتوو رێكنەكەوتوون.


كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ئاشكرایكرد كە تا ئێستا لە خۆپیشانەكان زیاتر لە 300 كەس كوژراون.

ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  ئەكرەم بەیاتی وتەبێژی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد "ژمارەی كوژراوەكان تا ئێستا لە خۆپیشاندانەكانی عیراقدا گەیشتۆتە 301 شەهید"، ئەوەشی ئاشكراكرد كە زیاتر لە 15 هەزار كەس بریندار بوون، لەو كاتەوە نارەزایەتییەكان دەستیان پێكردووە.

خۆپیشاندانەكانی عیراق لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمەوە دەستی پێكردووە و 14 رۆژە لەسەر یەك لە بەغدا و شارەكانی دیكەی باشوور بەردەوامی هەیە، بەڵام زۆرینەی قوربانییەكان لە شارەكانی بەغدا و بەسرەدایە.


ئەمڕۆ مامۆستایانی‌ وانەبێژ ل هەولێر گردبونەوە و داوای‌ دامەزراندنی‌ هەمیشەیی دەکەن هاوكات له‌ شاری سلێمانیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست مامۆستایانی وانه‌بێژ گردبوونه‌وه‌یەکیان ئه‌نجامدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2019 مامۆستایانی‌ وانەبێژ لە هەولێر و سلێمانی  گردبونەوەیەکی‌ ناڕەزاییان ئەنجامداو، داوای‌ دامەزراندنیان کرد.

ئەو مامۆستایانە بەیاننامەیەکیشیان بڵاوکردەوەو، تیایدا داوا دەکەن حکومەت لەگەڵ بڕیاری‌ دامەزراندنی‌ مامۆستایانی‌ گرێبەست ئەوانیش بە شێوەی‌ هەمیشەیی‌ دابمەزرێنێت.

ئەم گردبوونەوەیەی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژ دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی‌ ڕابردوو ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ هەرێم بڕیاری‌ دامەزراندنی‌ مامۆستایانی‌ گرێبەستی‌ بەشێوەی‌ هەمیشەیی‌ راگەیاند، لە کاتێکدا 11 هەزار مامۆستای‌ وانەبێژیش لە قوتابخانەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا وانە دەڵێنەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی‌ حکومەت ئەوانی‌ نەگرتوه‌تەوە.


له‌یه‌ر سكاڵای دادوه‌ر ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج، به‌ڕێوه‌به‌ری ئێن ئاڕ تی و په‌یامنێرێكی ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ گه‌رمیان ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: له‌سه‌ر سكاڵای دادوه‌ر ئه‌كره‌م فه‌ره‌ج، شوان عادل، به‌ڕێوه‌به‌ری ئێن ئاڕ تی و ئیحسان سابیری  په‌یامنێری كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ گه‌رمیان ده‌سبه‌سه‌ركران.

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی شوان عادل و ئیحسان سابیر، له‌سه‌ر كه‌یسێكی رۆژنامه‌وانییه‌ و تا 20ی ئه‌م مانگه‌ له‌ زیندان ده‌مێننه‌وه‌.


هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی عیراق رەخنە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق دەگرێت و دەڵێت "حەیدەر عەبادی لە كۆتایی خولی سەرۆكایەتییەكەیدا موجامەلەی مەسعود بارزانی  كرد بۆئەوەی رازی بێت ویلایەتی دووەم وەربگرێتەوە".

هۆشیار عەبدوڵڵا لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەشێك لەو كێشانەی هەیە بەتایبەتی لەسەرئاستی خزمەتگوزاری و نەوت، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، چونكە فەلسەفەی دواخستنی هەبوو، هەروەها دوو گوتاری هەبوو یەكێكیان ئاشكرا و ئەوی دیكەیان نهێنی.

وتیشی "عەبادی لە راگەیاندنەكاندا بەشێوەیەك قسەی دەكرد و بەنهێنیش بەشێوەیەكی دیكە، لەكۆتایی خولەكەشیدا موجامەلەیەكی گەورەی مەسعود بارزانی كرد بۆئەوەی رازی بێت ویلایەتی دووەم وەربگرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە پێیوایە، لەڕووی دنیابینییەكی پێگەیشوی ستراتیژییەوە  ، عەبادی سەركەوتنی نیشتمانی بەدەستنەهێنا و شكستێكی گەورەی هێناوە.


وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاكسی هەر پارێزگایەك لۆگۆی تایبەتی دەبێت و شۆفێرانی تاكسیش دەبێت بیسەلمێنن كە تاوانیان نەكردوە ئەوكاتە رێگەیان پێ دەدرێت كار بكەن.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوەی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە، شۆفێری تاكسیەكان دەبێت بچنە بەڕەێوبەرایەتیەكانی هاتوچۆ فۆڕمی زانیاری وەربگرن، پاش پڕكردنەوەی بیبەنە ئاسایش ناوچەكەیان، دواتریش بچنە پۆلیسی بەڵگەی تاوان لەوێ كە سەلمێنرا شۆفێرەكە كێشەی نیە، ئێنجا رێگەی پێ دەدرێت كاری تاكسی بكات.

وەزیری گواستنەوە ئاشكرایشكرد، شۆفێری تاكسیەكان كارتی زانیاری تایبەتیان بۆ دروستدەكرێت، وێنەی شۆفێر و ژمارە مۆبایلەكەی و ژمارەی ئۆتۆمبیلەكەی لێ نوسراوە و لە كوشنی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەكەش ئەو كارتە جێگیر دەكرێت.

ئانۆجەوهەر رونیشكردوە، لەدوای ئەو رێكارە ئیتر هیچ شۆفێرێك ناتوانێت ئۆتۆمبیلی كەسێكی تر بۆ كاری تاكسی بەكاربهێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی شەش مانگدا دەبێت پرۆژەكە جێبەجێبكرێت و دوای ئەو وادەیەش هەر شۆفێرێك كارتی زانیاری و لۆگۆی وەرنەگرتبێت، لەلایەن تیمەكانی هاتوچۆوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.


یانەکانی بەرشەلۆنە ، ریال مەدرید ، یۆڤانتس ، بایەرن میونشن و مانشستەر یونایتدی ئینگلیزی  بۆ بەدەستھێنانی تواناکانی یاریزان کای ھاڤیرتز یاریزانی یانەی بایەرن لیڤەرکوزنی ئەڵمانی رکابەری یەکتری دەکەن . 


بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی سپۆڕتی ئیسپانی ، یانە گەورەکانی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری یاریزان ھاڤێرتز دەکەن بۆ ئەوە گرێبەستی لەگەڵ مۆربکەن . 


لەھەواڵەکە ھاتووە ، یانەی ریال مەدرید داوای لە تۆنی کرۆس کردووە کە ھەوڵبدات ھاڤێرتز رازی بکات پەیوەندی بە یانەی شاھانە بکات . 

لەھەواڵەکە ئاماژە بەوەکراوە ، بۆ بەدەستھێنانی تواناکانی ھاڤێرتز یانەکانی بەرشەلۆنە ، بایەرن میونشن ، یۆڤانتس و مانشستەر یونایتد رکابەریەکی سەختی یانەی شاھانە دەکەن .


عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی داواکاری مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی دایەوە و رایگەیاند، خۆپیشاندانەکان یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی عێراقە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دەبێتە باشترین ئامرازیش بۆ چاودێریکردن و گوشارخستنە سەر حکومەت بۆ ئەوەی چاکسازی راستەقینە بکات.

عادل عەبدولمەهدی گوتی: کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران دەکەین و لە داهاتووشدا چەندین گۆڕانکاری وەزاری گرنگ ئەنجام دەدەین.

ئاماژەی بەوەشدا، لە چەند رۆژی داهاتوودا یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەردەکەین و لێکۆڵینەوەش لە کوژران و برینداربووانی خۆپیشاندانەکان دەکەین


زەینەدین زیدانی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید لە گواستنەوەكانی ئەم زستانەدا دەستبەرداری شەش یاریزانی یانەكەی دەبێت و لەنێوانیشیاندا بێڵ وجەیمس وئیسكۆ هەیە.


لەو بارەیەوە رۆژنامەی ئۆك دیاریۆی ئیسپانی باس لەوە دەكات كە زیدانی راهێنەری یانەی شاهانە ناوی شەش یاریزانی داوەتە بەرپرسانی یانەكەی كە پێی وایە چیتر ناتوانن خزمەتی یانەكە بكەن وئەو راهێنەرە فەڕەنسیەش پێویستی بە تواناكانیان نەماوە .


ئەو رۆژنامەیە ناوی ئەو یاریزانانەی ئاشكرا كردووە كە زیدان دەیەوێت لە گواستنەوەكانی زستانەدا دەستبەرداریان بێت ، ئەوانیش هەریەكەلە ماریانۆ دیاز وئیبراهیم دیاز و جەیمس رۆدریگز و گاریس بێڵ وئیسكۆ ولوكاس فاسكێز . 


زیدان دەیەوێت بە پارەی فرۆشتنی ئەم یاریزانانە ، كارگێڕی یانەكەی چەند گرێبەستێكی تری بۆ واژووبكەن .


جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاند له‌سه‌ر داوای ئه‌وان و به‌ ھەوڵی فراکسیۆنە کوردستانیەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، توانرا ژمارەی ئەندامانی کوردی ناو لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە سێ کەسەوە بۆ شه‌ش زیاد بکرێت.


د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عیراق له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی تشرینی دووه‌می 2019، نوسراوێكیان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان كردوه‌ بۆ زیادكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه.


وتیشی: بە ھەوڵ و پشتگیریی فراکسیۆنە کوردستانیەکانی‌ ناو په‌رله‌مان توانرا ژمارەی ئەندامانی کوردی نێو لیژنەی هه‌مواركردننەوەی دەستور لە 3 کەسەوە بۆ 6 کەس زیاد بکرێت.


جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عیراق راشیگه‌یاند: ئەندامانی کوردی ناو لیژنەی نوسینەوەی دەستور بریتین لە د. ڤیان سەبری، د.جوان ئیحسان، د. یوسف محەمەد سادق، د. عەبدولباری مدرس، د.جمال کۆچەر و رێبوار ھادی، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی.


هه‌فته‌نامه‌ی "فۆرین پۆلیسی" له‌ راپۆرتێكدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، پلانه‌كانی توركیا له‌ سووریا، به‌شێكن له‌ هه‌وڵه‌ درێژخایه‌نه‌كانیان بۆ گۆڕینی نه‌خشه‌ی دیمۆگرافی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ سه‌ره‌تای داڕشتنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، "یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئیدانه‌كردنی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا "رۆژئاوای كوردستا" له‌لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌و پلانه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی سیاسه‌تی به‌زۆر راگواستن و نیشته‌جێكردنی ملیۆنێك تا 2 ملیۆن له‌و په‌نابه‌رانه‌ی سووریا كه‌ ئێستا له‌ توركیا ده‌ژین، له‌ ناوچه‌كانی سه‌ر سنووری توركیا، دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ بگۆڕێت".

راپۆرته‌كه‌ دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، "ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ ئه‌ردۆغان ده‌گرن به‌وه‌ تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن كه‌ "ئاندازیاری دیموگرافی" وه‌ك سیاسه‌تێك بۆ گۆڕینی نه‌خشه‌ی ره‌سه‌ن به‌كارده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی به‌زۆر كۆچپێكردن و پاكتاوی نه‌ژادی بۆ دانیشتوانی ره‌سه‌نی كورد له‌و ناوچانه‌، به‌ پاساوی شه‌ڕی دژ به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌"، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ به‌ تیرۆر ناوده‌برێن. وێڕای ئه‌مه‌ش ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان به‌رووی په‌نابه‌راندا له‌ ئه‌وروپا ده‌كات".

فۆرین پۆلیسی له‌ راپۆرته‌كه‌یدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "هه‌وڵه‌كانی ئێستای ئه‌ردۆغان درێژكراوه‌ی مێژوویه‌كی دروور و درێژه‌ له‌ كۆچپێكردنی به‌زۆری ئه‌و دانیشتوانانه‌ی كه‌ كاتی خۆی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیش له‌ به‌رامبه‌ریان په‌یڕه‌وی هه‌مان سیاسه‌تی ده‌كرد و تا ئێستاش ناتوانرێت شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بسڕدرێته‌وه‌".

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و گۆڤاره‌ نموونه‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ "كاتی خۆی له‌ سه‌رده‌می ئیمپارتۆریه‌تی عوسمانی دانیشتوانی ئه‌نادۆڵی مێژوویی له‌ سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م گوازرانه‌وه‌ بۆ به‌ڵكان، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی بچه‌سپێنن. هه‌روه‌ها هه‌ڵاتنی په‌نابه‌رانی موسڵمانان له‌ پاكتاوكردنی نه‌ژادی و ئه‌و دادگاییكردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی له‌ به‌ڵكان، قه‌وقاز و كریمیا په‌یڕه‌و ده‌كرد".


بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری موسڵمانان حەزرەتی محمد (د.خ)، سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمانی کوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکات و خوازیاره‌ گەڕانەوەی ئەو یادە پیرۆزە ببێتەمایەی زیاتری پێگیربوون بە ئاکارە بەرزە مرۆییەکانی ئەو زاتە پیرۆزە، ئەمەش دەقی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بەبۆنەی هاتنەوەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەرى ئیسلام، حەزرەتی محمد (د.خ) جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، خوازیارین گەڕانەوەی ئەو یادە پیرۆزە ببێتەمایەی زیاتری پێگیربوون بە ئاکارە بەرزە مرۆییەکانی ئەو زاتە پیرۆزە.
حەزرەتی محمد (د.خ) هەروەک لە قورئانی پیرۆز وەسفی کراوە (وٳنك لعلی خلق عظیم) نموونەی ڕەوشتبەرزی و پاکی و بێگەردی بووە، کۆمەڵێک بەهای بەرزی مرۆڤایەتی لە دڵ و دەروونی ملیۆنەها مرۆڤ چەسپاندووە، بەم بۆنە پیرۆزەوە داواکارین لە یەزدانی مەزن خۆشی و ئاشتی و تەبایی باڵ بەسەر کوردستان و عێراق و هەموو جیهاندا بکێشێت و ئەم یادکردنەوەیە هۆکارێک بێت بۆ هێنانەکایەوەی ئاشتەوایی زیاتر بۆ عێراق و ناوچەکە و هەموو جیهان.
دووباره‌ ئه‌و یاده‌ له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانان پیرۆزبێت.
سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمانی کوردستان

 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رەوشی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە کەمپی بەردەرەش دەكۆڵێتەوە و رایگەیاند:
"پرسی پەنابەران پرسێکی نێودەوڵەتییە، سوپاسی دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی خێرخوازیشی کرد بۆ بەھاناوەچوونییان ، لە بەشێکی تری وتەکانی ووتی :پەنابەران شایستەی ژیانێکی باشترن،  بۆ خزمەتکردنیان ھەموو ھەوڵێک دەدەین "

هەروەها بۆ زیاتر دلنیاییکردنەوەی پەنابەران سەرۆکی حکومەت ووتی، ئەوەی لە دەسەلاتی ئێمەدا بێت و پێمان بکرێت ئەنجامی دەدەین.

لەکۆتایشدا دیاری تایبەتی بەخشییە مندالەکانی کەمپەکە.



























ئاژانسی هەواڵیی سانا ڕووبەڕووبونەوەیەكی نێوان هەردوو سوپای توركیا و سوریا ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەكات، لەو روبەڕوبونەوەیەدا چەكی قورس و مامناوەند بەكار هاتووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەكە، كە ئەمڕۆ شەممە 9/11/2019 بڵاوی كردۆتەوە، پێكدادانێكی قورس لە نێوان سوپای سووریاو سوپای توركیا لەگوندی (ئوم شەعیفە) لە دەشتی سەرێ كانیێ لە دروست بووە و تێیدا چەكی قورس و مام ناوەند بەكارهاتووە، هەرچەندە تاوەك ئێستا زەرەرو زیانەكانی ئەم پێكدادانە رانەگەیەنراوە.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ی تشرینی‌ دووەمی 2019، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 12ی ره‌بیعی یه‌كه‌می 1441ی كۆچی، رۆژی لەدایکبوونی محەمەد، پێغه‌مبه‌ری ئیسلامە (دروودی خودای لەسەربێت) و، بەو بۆنەیەوە لە شارەکانی هەرێم ئەو یادە دەکرێتەوە.

ساڵانە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، به‌بۆنه‌ی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامه‌وه،‌ که‌رنه‌ڤاڵی خۆشی و شادی ئەنجامدەدەن و شیرینی و نوقڵ دەبە‌خشنەوه‌، هاوکات مەراسیمی ئاینییش لە مزگەوت و ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا بە بۆنەی ئەو یادەوە بەڕێوەدەچێت.

مێژووی سەرهەڵدانی ئەم یادە لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی شەشەم، یەكەم كەس ئەو یادەی كردبێ‌ سوڵتان موزەفەرەدینی هەولێر بووە، وەك مێژوونووسان ئیبن کەسیر و ئیبن خەلەکان باسیانكردووە، سوڵتان موزەفەرەدین ئاهەنگی بەو بۆنەیەوە گێڕاوە و خواردنی بە خەڵك و هەژاران داوە.

هەرچەندە بەشێک لە ئاینناسان ئەم یادە بە زیادکردن لە ئایین (بیدعه‌) وەسفدەکەن و دەڵێن، نابێت بەو شێوەیە بکرێتەوە، چونکە لە سەردەمی هاوەڵانی پێغەمبەردا نەکراوە.

MKRdezign

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

يتم التشغيل بواسطة Blogger.
Javascript DisablePlease Enable Javascript To See All Widget